بۆچی عێراق لە ریزبهندی كۆتایی ئیندێكسی ئاشتیی جیهانییەوە چەقی بەستووە؟

ساڵانە ئەندێكسی ئاشتیی جیهانی رادەگەیەنرێت، ئەم ساڵیش 2015 بە چەند دەرئەنجامێك بڵاوكرایەوە كە جەختی لەو گۆڕانكارییە ریزبەندییەی دەوڵەتانی جیهان دەكردەوە بە پێی ئاستی ئەوەی كە ئایا بایەخیان بە كێشەی ئاشتی داوە یان نا، بەم پێیە پێگەی نزیكەی 81 دەوڵەت باش بووە، لە كاتێكدا كە ریزبەندیی نزیكەی 78 دەوڵەتی دیكە دابەزیوە، ئەركی سەرەكیی ئەم ئەندێكسە ئەوەیە كە پلەبەندیی دەوڵەتانی جیهان لەبەر رۆشنایی چەند پێوەرێك پۆلێن دەكات، مەبەستیش گەڕانە بەدوای پلەی هەر وڵاتێك لە بوونی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی ناوخۆو سەقامگیری، لە سەرووی ئەو خوێندنەوەیەش دەست نیشانكردنی بەسەركردنەوەی خشتەكانی خەرجیی سەربازی و رێژەكەیەتی بەرامبەر پوختەی داهاتی نەتەوەیی و دۆخەكانی ئاڕاستە بەرەو بەسەربازكردنی كۆمەڵگە لە رووی چاودێریكردنی فرەیی بڵاوبوونەوەی میلیشیاو ئەو كەسانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و لە سەرووی یاساوە رەفتاردەكەن، دواتر دیاریكردنی پلەی ئەو تاوانانەو ئاستی دەستێوەردانیان لە كاروباری گشتی، لەپاڵ پێوانی پلەی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە هەڕەشە توندوتیژییەكان، وێڕای ئاستی خاڵیبوونی وڵات لە ململانێ و تاوان و كوشتن و خۆكوشتن و بڵاوبوونەوەی تیرۆرو شێوازەكانی شەڕوشۆڕو دەستاودەستكردنی چەك و تێكچوونی بارودۆخی ئاسایش.

ئەم ساڵ ئەندێكسی ئاشتیی جیهانی لیستێكی بڵاوكردەوە كە 162 وڵاتی لەخۆگرتبوو، بەپێی ریزبەندییەكە وڵاتانی ئەوروپا لە نێوان 30 دەوڵەتی یەكەمی ریزبەندیی جیهانییەوە دێن، ئایسلەندا بە پلەی یەكەم هات لە نێو وڵاتانی جیهان، كە لە هەموویان زیاتر ئاشتی تێدا بەرقەرارە، ئینجا ئەم وڵاتانە لە ریزبەندییەكە دێن: دانیمارك، نەمسا، نیوزیلەندا، سویسرا، لە نێو ئەوروپییەكانیشدا فەڕەنسا پێگەكەی دابەزی لەبەر هێرشەكانی شارلی ئەبیدۆ، بە پێچەوانەوەش یۆنان لە پۆلێنكردنەكەدا بە 22 پلە بەرزبۆتەوە سەرباری ئەوەی كە لەرووی ئابووری و كێشەكانی دیكەی دووچاری هەرەس بووە.
بەڵام سەرلەنوێ هەندێ وڵات لەبەر ئەوەی ئاشووب و هەراو بێسەروبەریی ئاسایش و كردەوەی تیرۆریستی و شەڕی میلیشیاكانیان تێدایە كەوتنە كۆتایی ئەم لیستەوە، سوریا زنجیرەی 162ی بەركەوتووە، بەڵام عێراق ریزبەندی 161ی وەرگرتووە بە جیاوازی یەك پلە لە كۆتایی ریزبەندی لیستەكە.
لە كاتێكدا كە بڕی 13%ی داهاتی نەتەوەیی جیهانی بە شەڕوشۆڕدا خەرجكراوە، كەچی دەوڵەتانی وەك سوریاو عێراق چەندین ئەوەندەی ئەو رێژانەی لێ خەرج دەكرێت بۆ ئەوەی رەوشی گوزەرانی هاووڵاتیانیان خراپتر بێت و زیاتر تراژیدی بێت، ئەویش لەرێی زێدەبوونی كێشەی بێكاری و هەژاری لەبەر پەككەوتنی كایەی ئابووری، كە ئەمەش زیاتر دەرەفەت دەدات بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی چەكداری و چارەسەركردنی ئەم رەوشە نالەبارەی ئاسایش ئەویش بە زیاتر جۆشدانی ئاگری شەڕو پێكدادان.
بەم شێوەیە مەترسیدارترین دەرئەنجامی ئەو ئەندێكسە جیهانییەی ئاشتی لە زێدەبوونی بودجەی سەربازییدایە لە عێراق، هەروەها زیاتر تێكچوونی ئاسایش، هاوكات پەرەسەندنی دەسەڵاتی میلیشیاكان و خزانە نێو جومگەكانی دەوڵەتەوە كە ئەوان كاریگەريیان هەیە لەوەی كە رەوشی ئاسایش و گوزەران ئاراستە بكەن، دواتر زیاتر كاربكەنە سەر بڕیارە باڵاكانی حكومەت.
هەروەها زۆربەی قوربانییەكانی رۆژانەی عێراق تەنیا بەهۆی تاوانەكانی كۆمەڵكوژی و دژە مرۆییەكانەوە نییە كە هێزە تیرۆریستیەكانی ئەو میلیشیایانە ئەنجامی دەدەن، بەڵكو بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دەردو پیسبوونی ژینگەو زێدەبوونی حاڵەتی بێئومێدی و داڕووخانی دەروونییە، كە وێڕای ئەمەش حاڵەتەكانی خۆكوشتن هۆكاری تۆڵەسەندنەوەو ناموسپارێزی كە ئەمەیان لەلایەن هەندێ لایەنی كۆمەڵایەتی و فەرمییەوە پەردەپۆش دەكرێت بە پاساوی ئەوەی پەیوەستە بە یاساوەو هەندێك جاریش فێڵی لێدەكرێت.
لەبەر رۆشنایی تێكچوونی باری ئابووری و فراوانبوونی دیاردەی هەژاری، هەروەها پەرەسەندنی بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی، قەیرانی بێكاری زیاتر نیگەرانی و دڵەڕاوكێی هێنایەئاراوە كە لە ئاكامدا نەخۆشی و تۆقینی لەنێو كۆمەڵگادا لێكەوتەوە.
پرسی ئاشتی تەنیا پەیوەست نییە بە سروشتی رەنگدانەوەی پێوەندیی نێوان دەوڵەتان و بەكارهێنانی توندوتیژی یان نا لەم پێوەندییانەدا، بەڵكو ئەمڕۆ وای لێهاتووە كە بە پێوەری گشتگیرتر و قووڵتر لە نێو كۆمەڵگا تازەكاندا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، بۆیە بەم فراوانی و گشتگیرییەی ئەنجامەكانی پرسی ئاشتی و هۆكارەكانی، ئەوەیە كە پرسی ئاشتی یەكەم جار لە نێو كۆمەڵگادا ئافرەت و منداڵ دەگرێتەوە چونكە ئەوان قوربانيی یەكەمی توندوتیژین بە هەموو شێوازەكانی وەحشەتگەری و دڕندەییەوە، دواتر هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە بەپێی ئاستی كاریگەری و ئەرێنی و نەرێنییان، ئەمەش پێویستی بە هۆشیاری و بەرچاورۆشنیی هەموو لایەك هەیە، تاكو چالاكانە بەشداری بكەن لە ئەركی بەرەنگاربوونەوەی شەڕو ململانێ و كێشەكان و هەوڵدان بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی.
دياردەی هاتنی عێراق لەو زنجیربەندییە خراپەی ئەندێكسی وڵاتانی زۆر شكستخواردوو و زێدەگەندەڵ و توندوتیژو تاوانكار و هەژارو بەدبەختی و كەم ئاشتی و ئاسایش و كەم بەختەوەری و دەستپاكی و ئەرێنی، عێراقییەكان دەخاتە بەردەم بەخۆداچوونەوەیەكی جەوهەريی ئەداو هەڵوێستییان بەرامبەر بە یەكدی تاكو زیاتر ئەرێنی و چالاك بن لە گۆڕینی رەوشەكە.
جا بۆ خوێندنەوەی ئەم لایەنە بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا با چاودێریی گەشەكردنی كێشەكان بكەین كە یەخەی یۆنانییەكان دەگرێتەوە لە كاتێكدا ئەوان ئەو سامانەیان نییە كە عێراق وەك نیشتیمان هەیەتی، یۆنانییەكان سەرەڕای ئەو هەموو كێشانە، بەڵام بە پێوەرە ئەندێكسی ئەرێنی پێشدەكەون بە تایبەتی لە رووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەرێی خۆپیشاندانەكان كە شەقامەكانی زۆربەی شارەكانی گرتۆتەوە، هاوكات دەكرێ چاودێریی نموونەی دیكەش بكرێت و بەهەمان ئاراستەو بەڵگە خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هۆشیاریی هاووڵاتی و رۆشنبیرییەكەی و كرانەوەی لۆژیكەكەی و پشت نەبەستنی چارەنووس بە سەركردایەتییە تایفەگەرییە سیاسییەكان، تاكە رێگای گۆڕینە تا هاووڵاتی بوونی خۆی بسەلمێنێت و شایستەی ژیانێكی ئازادی سەربەرز بێت، هاووڵاتی لەو وڵاتانە هەروەك یۆنان، دەرك بەوە دەكات كە ئەگەر دەنگی خۆی خستە خانەیەكی نەرێنییەوە، هەروەك چۆن هەندێ جار هاووڵاتیانی عێراق پەیڕەوی دەكەن، ئەو كاتە ئەم نەرێنییە رووبەڕووی قێزەوەنترین شێوەكانی ئیستغلال و فێڵ لێكردن دەبێتەوە، تەنیا دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندیی و مەرامی گەندەڵكاران و تیرۆری هزریی سیاسی و بیروباوەڕی توندوتیژی و خوێناوی.
كەواتە هاتنی عێراق لە خانەی ژێرەوەو خراپی ئەو ئەندێكسانە كە بارودۆخی كردەنی هەر وڵاتێك روون دەكاتەوەو بەراوردیان دەكات بە بارودۆخی نەتەوە و گەلان و دەوڵەتانی دیكە لەبەر ئەوەی كە ئەو بەرنامانە شكستیان هێناوە لە رزگاركردنی ئەو كەشتییەی كە خەریكە لە بنی كارەساتەكە نقووم دەبێت! هەروەها بە هۆی باڵادەستیی هەرسێ( تایفەگەری و گەندەڵی و تیرۆر) بەسەر بارودۆخە گشتییەكە و بەدیلگرتنی دەوڵەت و كۆمەڵگا كە وەك بارمتە دەیانخەنە دەست خراپەكارو تاوانبارانی سەردەمەوە.
بەڕێز مالیكی درێژترین ماوە لە دەیەی دواییدا حوكمڕانیی عێراقی كردو جۆرەها دەرفەتی بۆ گوتارێكی كوشندە خستەڕوو كە بریتی بوو لەوەی كە عێراق و دەسەڵات تێیدا دەستكەوتە لەگەڵ هاوڕێ تایفەگەرەكانیان فەرهودی دەكەن و دەرگای فراوانتر لەبەردەم دەسەڵاتی میلیشیا و بەڵتەجییەكاندا واڵا دەكەن! كاتێك دەیگوت (بردمان و نایدەینەوە) هەر ئەویش بوو كە دەیگوت:(شەڕ لەنێوان سوپای يەزیدو سوپای مەعاویەیە) با ئەوەشمان لە بیر بێت كە لە سایەی حوكمڕانیی ئەو بوو شەڕی پاكتاوكردنی خوێناوی لە نێوان هەردوو باڵی میلیشیا تایفییەكان لە 2006 بە هەموو كارەساتەكانییەوە روویدا، لە ئێستاشدا هەر ئەویشە لەسەر بەرنامەی خۆشكردنی ئاگری شەڕوشۆڕی نێو كۆمەڵگەی عێراقی بەردەوامە.
گوتاری تایفەگەری بۆتە هۆی بنیادنانی گوتاری دەستكەوت و پشكایەتی، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی وڵاتی راگرت هەروەك چۆن پرۆسەی ئابووریی پەكخست و پیشەسازی و كشتوكاڵیشی تێكداوەو دارستانەكانی خورما و درەختە بەردارەكانیشی لەبەین برد و كۆتایی بە هەموو توانایەك هێنا بۆ بەدەستهێنانی بەروبوومە ستراتیژییەكان، گوتاری تایفەگەری رێگای بۆ مافیا گەندەڵكارەكان خۆشكرد تا دواتر بوونە چین و توێژی كرپتۆكرات واتا چینی گەندەڵكاران.
دواجار سیستەمی گشتی لە سیستەمی عێراقێكی دیموكراسیی فیدڕاڵییەوە بۆ سیستەمێكی تایفی كلیپتۆكراسیی گۆڕی، بەمەش نەوەستا كە توێژو لایەنگرو شوێنكەوتووانی ئایین یان ئایینزا سەركوت بكات بەڵكو هەردوو لاباڵی عێراقی فیدڕاڵی پەراوێزخست و ئابڵۆقەی خستە سەریان و تا ئێستاش ئەو ئابڵۆقەیەی سەر كوردستان هەر درێژەی هەیە، دیارە مەبەستیش لەمەدا هەوڵدانە بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەل و هەموو بەشەكانی عێراقی فیدڕاڵ مل كەچ بكات بۆ ناوەندی گەندەڵییەكەی و بەرنامە شكستخواردووكەیەوە.
لەم هەلومەرجەشدا ئامادەكاری كرد بۆ ئەوەی بە تەواوی دەوڵەت و دامودەزگاكانی لە زۆر ناوچە هەرەس پێ بهێنێت، تاكو تاڵان بكرێن و ببنە پاروویەكی جووراو بۆ هێزەكانی تیرۆر و لەمەشدا سێیەكی رووبەری عێراقی فیدڕاڵی دابڕی و خستیە بەردەستی داعشییەكان لە میلیشیا بەكرێگیراوو تەكفیری و تایفەگەرییەكان.
ئەمەیە بنەمای رۆچووی عێراق كە ساڵانە ئەندێكسەكانی نێودەوڵەتی ریسوای دەكەن و پەردەی لەسەر لادەدەن كە گەلان و دەوڵەتان كێبڕكێی لەسەر دەكەن تاكو لە بارێكی باشتردا بێت، بەڵام عێراق هەر پاشەكشە دەكات لەگەڵ بەردەوامبوونی دەسەڵاتخوازیی گوتاری تایفەگەری و بەرنامەكانی لە بەڕێوەبردنی سیستەمێك كە لەسەر بنەمای پشكایەتیی تایفەگەری و میكانیزمەكانی گەندەڵی دامەزراوە.
ئايا ئەمە ئەو ئەندێكسانەمان بەبیرناهێنێتەوە كە بە لۆژیكی عەقڵی زانستی كاردەكەن؟ ئایا وامان لێ ناكات كە سوود لە بەڵگەو ماناكانی وەربگرین؟ ئایا ئەوەمان بیرناخاتەوە كە وڵاتانی جیهان ناتوانن بە تەنیا و بە كۆمەڵ پێشوازیمان بكەن؟ بۆیە چارەسەر لەوەدا نییە كە لە بوونی خۆمان ڕابكەین، یان لە ناسنامەی خۆمان، چونكە مرۆڤ لە پێستی خۆی نایەتەدەرو لە دەرەوەی جەستەی خۆی ناتوانێت بژی، بەڵام چارەسەرەكە لەخۆماندایە، لە ئەگەرو بژاردەكانماندایە، لەوەدایە كە خۆمان بگۆڕین تا دواتر ژینگەو سیستەمی بوونمان بگۆڕین، بە شێوەیەك بنیادی بنێین كە لە خزمەتی خواست و ماف و ئازادییەكانماندا بێت، نەك بۆ بەدیهێنانی مەرامەكانی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بە تاڵانمان بەرن و بوونمان لە بەین ببەن.
وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ئەو چارەسەرەو ئەلتەرناتیفەكانیشی لای خودی هەموو هاووڵاتییەكە، لای خاوەن بەرژەوەندی و پرسەكەیە، بۆیە ئەگەر ئەوەی كە لە بەغدا حوكمڕانی دەكات و شكستی هێنابێت لە كاروانی دابینكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی تا ببێتە ژینگەیەك بۆ هەڵهێنانی هەنگاوی پێشكەوتن و پەرەپێدان، ئەوا ئێمە هەموومان بەرپرسین لە گۆڕانكاری، هەروەها لە بنیادنانی عێراقێكی دیموكراسیی فیدڕاڵیدا بە هەموو مافەكانی پێكهاتەو هاووڵاتیەكانییەوە لە رووی ماف و ئازادییەكان و خواستی ژیانێكی سەربەرزو ئازاددا.
ئێمە بە باشیی خۆمانەوە دەتوانین بێینە نێو ئەو ئەندێكسانەی كە ویست و بژاردەكان و سروشتیی سیستەمەكەمان بەرجەستە دەكەن، بۆیە با هەموومان سەردەمی نەرێنی بەجێبێڵین و كاروباری خۆمان لە چنگ هێزە تایفەگەری و بەڵتەجییەكانی میلیشیاكان دەربێنین و لە پێناو بوونی خۆمان و دابینكردنی ژیانی رۆڵەكانمان ژیان بگوزەرێنین.

نووسینی: د. تەیسیر عەبدولجەبار ئالووسی\ترجمة ونشر كولان ميديا

* توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان و
سەرۆكی زانكۆی ئیبن روشد لە هولندا

...

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *